Tuesday, April 12, 2022
خۆفی حکوومەتی ئێران لە چالاکوانانی مافی ژنان
دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە گەڵ ڕێگری و سنووردارێتی زۆر بەرەوڕوو بوونەوە، بە جۆرێک کە تا ماوەیەکی زۆر ھیچ دەنگێک لە ژنان لە نێو کۆمەڵگای ئێران نەدەبیسترا،
حکوومەتی بە توندی سەر بە ئایدۆلۆژیا و پێکھاتە بە جێ ماوەکانی دەورانی نەریتی و پیاوسالاری ھۆی ئەسڵی بێدەنگی ژنان لە دوو دەیەی ئەوەڵی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بوو، بەڵام بە ھاتنەسەرکاری دەوڵەتی چاکسازی بە سەرکۆماری خاتەمی، بەشداری مەدەنی ژنان لە کۆمەڵگا، ڕەنگ و بۆنێکی تازەی بەخۆی گرت، تا ڕادەیەک کە لە دوودەیەی دوایین، بزووتنەوە کۆمەڵایەتێکانی ئێران بە ئامادەبوونی ژنان دەنگدانەوەیکی سیاسی بەربڵاوی ھەبوو و ھەر ئەو بابەتە بوو بە ھۆی ئەوە کە حکوومەت ھەستیارێکی زۆرتر سەبارەت بە چالاکوانانی ژن نیشان بدا و بە شێوازی جۆراوجۆر سەرکوتیان بکا، ئەو سەرکوت کردنە بە بەندکردنی ژنانی چالاک و مەحکووم کردنیان بە حەپسی درێژماوە ھامڕا بوو، بەڵام پرسیارێک کە پێش دێت ئەوەیە کە حکوومەتی ئیسلامی ئێران بۆچی ئاوا خۆفی لە چالاکوانانی ژن ھەیە و بە توندی ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکا؟
دیار و سەلمێنراوە کە ھەر جۆرە ئامادە بوونی ژنان سەر بە چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە حکوومەتێکی سەر بە ئایدۆلۆژیا وەکوو ھەڕەشەیەک بۆ بنەماکانی ئەو ئایدۆلۆژیایە لە قەڵەم دەدرێ، بەم ھۆیە ژنان دەتوانن بنەماکانی بڕوا و باوەڕی ئایدۆلۆژی بەرنە ژێر پرسیار، ھەر ئەو بڕوایانەی کە ژنان تا ڕادەی ئامێرێک بۆ ویستی سێکسی پیاوان دادەبەزێنێ و بڕوامەند بە ھیچ چەشنە مافێک بۆ ژنان لە کۆمەڵگا نابێ، حکوومەتێک کە بناغەکەی ئایینی ئیسلامیە و بە پێی بناغەی بڕوامەندی ئەو ئایینە، ژنان جێگە و پێگەیەکیان لە کۆمەڵگا نییە و تەنیا لە چوارچێوەی سانکای بنەماڵە مافێکی نایەکسانیان لە گەڵ پیاوان بۆ دیاری دەکا:
سروشتیە لە وەھا سانکایەکی سیاسی و حکوومەتی، بە ئامادەبوونی ژنان لە چالاکی مەدەنی و سیاسێکان نە تەنیا دژایەتی بەڵکوو بە توندیش سەرکوت دەکرێ، بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوو بزووتنەوەھایەک بە ناوی چوارشەممەی سپی، کچانی شەقامی شۆڕش، ئازادێ نھێنێکان دروست بوو کە بە شکڵی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێی بەرھەڵستیان دەکرد و ئەو بەرھەڵستیانە ڕاستەوخۆ بناغەی بڕوامەندی ئایینی ئیسلامی سەبارەت بە حیجاب نیشانە دەگرت، ھەر بەم پێیە حکوومەت، دوو ژن بە ناوەکانی ویدا مووەحێد و سەحەر شەجەریزادە کە لە دامەزرێنەرانی پڕۆسەی کچانی شەقامی شۆڕش بوون کە بە نیشانەی بەرھەڵستی بە حیجابی زۆرەملێی لە جووڵەیەکی ھێمادار لەچکێک بە ڕەنگی سپیان بە سەری دارێک دەبەست و دەیان جووڵاندەوە، دەستبەسەریان کردن و حەپس و ئەشکەنجە کران.
ھەڵبەت تا ڕادەیەک ڕوونە کە ئەگەر ھەر کەسێک کە ھەڕەشە و یا بە جۆرێک بەرھەڵستی بکا سەبارەت بە سانکا و حکوومەتی دیکتاتۆری بە توندی سەرکوتی دەکرێ، بەڵام دەبێ قبووڵ بکرێ کە سەرکوت کردنی ژنان تەنیا چالاکوانانی ژنی بەرھەڵست بە حیجابی زۆرەملێی کە لە گەڵ باوەڕەکانی ئایینی ئیسلامی ناکۆکە ناگرێتە بەر و ئەو حکوومەتە دژە ژنە زۆرێک لە کۆنیشگەرانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی ژنان کە مەیسەرە ھیچ پێوەندیەکیان بە بنەماکانی بڕوایی ئیسلامیشەوە نەبێ سەرکووت کردوو، بۆ نموونە چالاکوانانی ژن سەبارەت بە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ نێو وەرزشگاکان، بەرھەڵستی بە پڕژاندنی تیزاو بە ژنان، بەرگری کردن لە لێخوڕینی دووچەرخە و زۆر کردەوەی کە، کە لە لایەن حکوومەتەوە بۆ سەرکوت کردنی ژنان دەکرێ بەرھەڵستیان نیشان داوە، و حکوومەت بەردەوام لە ڕێگای جۆراوجۆر درێژە بەو کردەوە قیژەونانەی دەدا و ئەو بابەتە خۆی دەسەلمێنێ کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە چالاکوانانی ژن ترسێکی گەورەن بۆ ئەو سانکایە و بناغەی ئایینی ئیسلام، و تەنیا بە سەرکوت کردن و حەپسی ئەو کۆمەڵە ڕازی نابێ، بەڵکوو لە گەڵ ھەر چەشنە چالاکی مەدەنی ژنان نەیارە و ھەر کۆنێشگەرێکی کە لە پێناوی دیمۆکڕاسی خوازی کۆمەڵگای مەدەنی ھەنگاو ھەڵێنێتەوە لەگەڵ سەرکوتی حکوومەت ڕووبەڕوو دەبنەوە، بەڵام مەسەلە ئەوەیە کە حکوومەت سەبارەت بە چالاکی مەدەنی ژنان ھەستیاری زۆرتری ھەیە
ھەرچەند لە ئێران بەمانای ڕاستەقینەی واژە شتێک بەناوی بزووتنەوەی ژنان فوڕمی نەگرتوو و زۆرتر جووڵانەوە تاکەکەسێکانی چالاکوانە مەدەنێکان و چالاکوانانی مافی ژنان بۆ کە ھەرچەند وەخت جارێک حکوومەتی ئێران تاڵ دەکەن،
بەڵام دیسان جێگای سرسامیە کە بوونی ئەو چالاکوانە مەدەنیانە و بەبێ بوونی ھیچ پێکھاتەیەکی رێکخراوەیی ببێتە ھۆی خۆفی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو دەسەڵاتدارە ھەم بە توندی وەھا جووڵانەوەھایەک سەرکوت دەکا و ھەم زۆربەی ئەو ژنانە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکانیان دەکا و ئەشکەنجەی ڕووحی_ ڕەوانی و بگرە ئازاری_سێکسیان دەدا.
بە خاترجەمی یەکێک لە ھۆیەکانی خۆفی رێژیم لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کە بە شێوەی تاکی و کەم و کورت چالاکی
دەکەن دەگەڕێتەوە سەر ترسی حکوومەت لە داگری ئەو جووڵانانەوە بەرھەڵستانەی ژنان بۆ چی لەبەر ئەوەیکە نێوەی زیاتر لە حەشیمەتی ئێران لە ژنان پێکھاتوو، ژنانێک کە چەندین دەیەیە زۆرترین ھەڵاواردن و نادادپەروەری ئەزموون دەکەن، بێ شک ئەو بارستە لە ھەڵاواردن و دژ بە ئەو بارستە لە حەشیمەتە، وەکوو ئاوری بن خۆڵەمێشە کە مەیسەرە درەنگ یا زوو گڕەکەی داوێنی ئەو ستەمکارانە بگرێتەبەر و لەناوی بەرێت و ھەر بەم ھۆیەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەتوندی لەگەڵ چالاکوانانی ژن رەفتار دەکا و سزای زۆر قورسیان بەسەردا دەسەپێنێ، تابەڵکوو بەم شێوازە پێشی گۆڕدرانی ئەو چالاکیانە بە بزووتنەوە بگرێ، بەواتایەکی تر، حکوومەت دەیھەوێ بە ئەشکەنجە و بەندکردنی کۆنێشگەرانی ژن، لە پەرەگرتنی ئەو چالاکیانە بەرگری بکات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو زۆرترین ئاماری ژنان بە تاوانی سەر و ساختی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و بانگەشەکردن دژ بەسانکا دەستبەسەر و لە بەندیخانەکان سزای قورس و نابەحەقیان لە داداگا بێ دادگایەکانی ئیسلامی ئێران پێدراوە کە ھەموو توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران لە تەواوی نەتەوەکان دەگرێتە بەر کە لێرا ئاماژە بە ھێندێکیان دەکەین ھەرچەند کە ئامارێکی ئاشکرا لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی ژن لە دەست دانییە و کۆماری ئیسلامی ئێران ھەوڵ دەدات کە ماسماڵی بکات و جێگەی ئاماژەیە کە زۆربەی ئەو بەندکراوانە لە بوونی مافی تەنانەت ڕۆژێک مەرەخەسی و بچووکترین پێداویستێکانی نێو بەندیخانە و پزیشکی بەھرەمەند نین و بێبەری کراون:
بۆ نموونە زەینەب جەلالیان کە حەپسی ھەتاھەتایی بەسەرداسەپاوە و لە خراپترین دۆخ بەسەردەبات و ماوەی ١٥ ساڵە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەردەبات، مەھوەش شەھریاری و فەریبا کەماڵ ئابادی دووھاوڵاتی بەھایی و لە فێرکاران کە لە قەدیمی ترین بەندکراوانی بەندیخانەی ئێڤینن، نەرگس محەممەدی چالاکوانی مافی مرۆڤ، نەسرین سوتوودە پارێزەر، سەبا کوردئەفشاری و ڕاحیلە ئەحمەدی دایک و کچ بە تاوانی بەرھەڵستی بە حیجابی زۆرە ملێی، شەھلا جەھان بین، سویلا حیجاب، فاتێمە داوەند، ژیلا کەرەمزادە، فەریبا عادێل خواە، موژگان کەشاوەرز، سێپیدە قۆلیان، مونیرە عەرەبشاھی و یاسەمەن ئاریانی و زۆر چالاکوانانی تر کە بە بیانووی جۆراوجۆر دژ بەو حکوومەتە بەرھەڵست بوون و بەبێ ئەوەیکە ئەشکەنجە، بەند و ماوەی حەپس بوویان گرنگ بێ بەردەوام درێژەدەری ڕێگا و ئارمانی خۆیان بوون و ئێستاکە لە خراپترین دۆخ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر دەبەن.
ئەشکرایە کە خۆفی رێژیمی ئێران نە لە سەر ئەو بەندکراوانە، بەڵکوو لە ئاسەوارێکە کە ئەو بەندکراوانە دەتوانن لە سەر حەشیمەتێکی زۆر لە ژنانی تر داینێن و ببنە ھۆی ئاگادارکردنەوەی ئەوان و ئەوە دەتوانێ ئەسڵی ترین ھۆی بەندکردن و سەرکوت کردنی ژنان بێ.
لە لایەکی ترەوە دۆخی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە یەک دەیەی ڕابردوو زۆر لاواز و ئاڵۆز بۆ، بەتایبەت سەبارەت بە بابەتی پلانی ھەستەیی و نەبوونی پێبەندی بە یاسای مافی مرۆڤ کە ھەمیشە لە لایەن وڵاتانی ئورووپایی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی جێ گومان بۆ و تاوانبار کراوە کە کاری بۆ سیاسەتوانانی حکوومەت زۆر دژوار کردوو و لەوەھا بارودۆخێک ھەرچەشنە بەرھەڵستی و سەرکێشی مەدەنی لە لایەن ژنانەوە بەڵگە و قەباڵەیەکە بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە و کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا پێبەند بە پڕەنسیبەکانی دیمۆکڕاسی نییە بەڵکوو حکوومەتێکی سەرکوتکەر و دیکتاتۆرە کە بۆ سەرکوت کردنی ژنان و ئەوەیکە دوور بکرێنەوە لە دونیای سیاسەت بەردەوام لە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتداری تەنیا خەریکی پلان ڕشتن دژ بە ژنانە و بۆ ئەوەیکە نەکەوێتە بەر گومانی زاڵێتی و دیکتاتۆری، ناچار بە سەرکوت کردنی چالاکوانانی مەدەنی بە تایبەت ژنان دەبێ، بە گومانی خۆی پێکھێنانی ترس و خۆف لە نێوان توێژی ژنان دەتوانێ بەرگری بکا لە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران، و زۆر جار ھەر بەو گومانە لە نێو بەندیخانەکان دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان و زۆر ئەشکەنجەی تر و ئەوە بەخۆی ئەوپەڕی خۆفی کۆماری دیکتاتۆری ئێرانە کە لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی ژنانی دەگەیەنێ.
لەکۆتایی دا دەتوانین بڵێن کە سەرکوت کردنی چالاکوانانی ژن بە دەسەڵاتداری ئێرانی ئیسلامی و ئەو بابەتانە کە ئاماژەی پێکرا و لە سەردەمێک کە سەردەمی پێوەندییەکانە و سنوورە جوگڕافیایەکان وەکوو ڕابردوو گرنگیان نییە، و دەسەڵاتدارانێک وەکوو حکوومەتی ئێران ناتوانن بە سەرکوتکردن و بەندکردنی چالاکوانانی مەدەنی بەتایبەت ژنان بڕیار و زاڵێتی خۆیان شاراوە کەن، لەوەھا سەردەمێک زانیاری تێکنۆلۆژی، مووبایل، تۆڕەکۆمەڵایەتێکان و دونیای مەجازی پانتایەکی دابین کردوو کە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان ناتوانن بە بەندکردن و توندوتیژی دژ بە ژنان بەئامانجە نەھامەتەکانی خۆیان بگەن، بە پێچەوانە ھەر ئەو سەرکوت و بەندکردنانە نیشاندەری ناوەڕۆکی ئەو دەسەڵاتدارانەیە، ئێمڕۆ ھەر بە ھۆی ئەو سەرکوت کردنە
نێوخۆییە، ھێزی دەرەکی حکوومەت وردە وردە لەناو چۆ و بەردەوام لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتە دژ مرۆڤاێەتێکانی ئەو دەسەڵاتدارە ئەستوورتر دەبێ و سەرەنجام ڕەنگبێ حکوومەت لە ماوەیەکی کورت بتوانێ بەسەرکوت کردن و بەندکردن و ئەشکەنجەی ژنان بە ئامانجە دیکتاتۆرێکانی خۆی بگات بەڵام لە داھاتوویەکی نەھێندە دوور، ھەر ئەو سەرکوت کردنانە دەبێتە ھۆی ئاگادار بوونەوەی زۆرێک لە حەشیمەتی ژنان و ناوەڕۆکی ئەو دیکتاتۆرە زاڵمە بە تەواوی دونیا نیشان دەدا.
_____________________________________________
https://t.me/yeketijnan/14361
نووسینی: وەنەوشە کەریمزادە
Subscribe to:
Posts (Atom)