Thursday, December 14, 2017

پیشیًل کردنی مافی مروف

مه‌سه‌له‌ی «مافی مرۆڤ» ئه‌مڕۆ له‌ جیهان‌دا بۆته‌ ئه‌رزشێک که‌ هه‌ر رێژیم‌و ده‌وڵه‌تێک بایه‌خ و رێز بۆ مافی ئینسانه‌کان دانه‌نێن، له‌ بیر‌وڕای گشتیی‌ جیهانی‌دا ئه‌و رێژیمه‌ بێزراوه‌‌ و‌ وه‌ک پێشێلکاری مافی مرۆڤ سه‌یری ده‌کرێ. ساڵانه‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤه‌وه،‌کار‌و کرده‌وه‌ی رێژیم‌و ده‌وڵه‌تان له‌ بواری مافی مرۆڤه‌وه‌، هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ و ئه‌گه‌ر پیشێلکارییه‌ک له‌ کارنامه‌که‌یان‌دا هه‌بێ، ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌. یه‌کێک له‌و رێژیم و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ به‌رده‌وام و ساڵانه‌ له‌ لایه‌ن رێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤه‌وه‌ به‌ پێشێلکاری مافی مرۆڤ له‌ وڵاته‌که‌ی‌دا مه‌حکووم ده‌کرێ، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه.
 کۆماری ئیسلامیی ئێران جگه‌ له‌وه‌ی قانوونی بنه‌ڕه‌تییه‌که‌شی پڕه‌ له‌ ناته‌بایی له‌گه‌ڵ په‌سندکراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به‌ شێوه‌ی جوراوجۆری دیکه‌ش له‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و هه‌ماهه‌نگ‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌دا پرنسیپه‌ مرۆییه‌کان پێشێل ده‌کا. ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ر وڵاتێک‌دا به‌رپرسی ئه‌منییه‌تی ژیانی هاووڵاتییانی وڵاته‌که‌یه‌تی له‌ هه‌مانکاتیش‌دا به‌رپرسه‌ له‌ ئاست هه‌ر دیارده‌ و قه‌یرانێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا که‌ له‌ وڵات‌دا سه‌ر هه‌ڵ بدا. 

ئه‌و رێژیمانه‌ی که‌ خۆیان بێعه‌یب‌و نه‌قس، عادڵ‌و ... له‌یه‌ک دێر‌دا سه‌مبولی هه‌موو باشییه‌کان ‌و به‌رانبه‌ره‌که‌شیان واته‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و نیه،‌ به‌ خائین‌و خراپکار‌و فێڵباز ده‌زانن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانن ده‌سه‌ڵاتێکی دادپه‌روه‌رانه‌یان له‌ ئاست خه‌ڵکه‌که‌ی خۆشیان‌دا‌ هه‌بێ، چونکه‌ هه‌میشه‌ به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری خه‌ڵک ده‌که‌ن هه‌روه‌ک رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران که‌ هیچکات نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بێ فێڵ‌و ڕاستگۆ بێ.

شه‌ڕ، کوشتن، زیندانی کردن، ئێعدامی به‌کۆمه‌ڵ، ده‌رکردن له‌ وڵات‌، بێبه‌شکردن له‌ خوێندن‌و دانشگا‌و ده‌یان‌و سه‌دان نه‌هامه‌تی دیکه‌ که‌ به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی رێژیمی کۆماری ئیسلامییه‌ بۆ خه‌ڵک، خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌یان تووشی جۆرێک له‌ خه‌مۆکی‌و ناهومێدی کردوه‌. نه‌سڵی لاو که‌ ده‌بێ‌ شادترین‌، پڕئێنرژیترین‌و یاغیترین توێژی کۆمه‌ڵگه‌ بێ‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌سڵێکی سڕ‌و خه‌مۆک‌و ناهومێده‌ له‌ ژیان. ژنان که‌ نیوه‌ی کۆمه‌ڵی وڵات پێک دێنن، له‌گه‌ڵ هه‌لاواردنی سیستماتیک به‌ره‌وڕوون.  تابلۆی ده‌روونی هه‌ر ژنێکی ئه‌و وڵاته‌ چاو لێ بکه‌ی، پره‌ له‌ ئازاری چه‌وسانه‌وه‌‌و هه‌ڵاواردن‌و بێبه‌شی.  کۆمه‌ڵێک ئاخوندی بیر ته‌سک‌و کۆنه‌پارێز له‌ ماوه‌ی 41 ساڵ ده‌سه‌ڵاتیان‌دا  ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئێرانیان هێناوه‌، جگه‌ له‌ وێرانی ده‌روونی ئینسانه‌کان، کوشتنی ئازادیخوازان‌و  ڕاونانی نوخبه‌‌و ڕووناکبیرانی وڵات، شتێکی دیکه‌ له‌ کارنامه‌یان‌دا نابینرێ که‌ خه‌ڵک به‌ هیوا‌و دڵخۆشییه‌وه‌ له‌و وڵاته‌‌دا ژیان بکه‌ن! 

ونوشه که ریم زاده

No comments:

Post a Comment