Monday, March 29, 2021

ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژی سەرکوت کردنی بزووتنەوەی چالاکوانانی ژنان لە ئێران

 


8ـی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان دیاری کراوە. بە پێی ڕۆژژمێری هەتاوی دەبێتە 18ی سێهەم مانگی زستان کە ئیسفەندی پێ دەگوترێ و ئەم ڕۆژە خاڵێکی هەره گرینگ و ناوەندیی بزووتنەوەی مافی ژنانە. لە هەموو دنیا، بۆ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە بۆنەگەلی جۆراوجۆر ڕێک دەخرێت کە هەر کامیان بە پێی وڵاتەکان و ناوچەکان شێوازی جیاوازیان هەیە، بەڵام نێوەرۆکی بابەتی هەموو بۆنەکان تەرکیز دەخاتە سەر بەرگری لە مافی ژنان و هان دانی ژنان بۆ پەرەپێدان و پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە.

ڕۆژی ژن، لە سەرەتادا وەکوو ڕووداوێکی سیاسیی سۆسیالیستی لە نێوان حیزبە سۆسیالیستەکانی ئەمریکا، ئاڵمان و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا بوو، بەڵام ئیتر ئەم ڕۆژە تەنیا تایبەت بە ژنانی وڵاتە پێشکەوتووەکان نییە، بەڵکوو وڵاتانی دیکەش بە شێوازێکی بەرفراوان و نوێ ڕێز لەم ڕۆژە دەگرن. بزووتنەوەی چالاکی ژنان سەرکەوتوو نەدەبوو بەبێ پاڵپشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کۆبوونەوەی چڕوپڕیان لە مەڕ گرینگی‌دان بە مافی ژنان و دان‌نان بە بوونی ڕۆژێکی دیاری‌کراو بە ناوی ژن، ڕێک خست. هەروەها ئەم ڕێکخراوەیە یارمەتیی ژنانی کرد هەتا دەنگیان بەرز بێ و ڕێگەیان پێ درا بۆ گەشە کردن لە بوارەکانی سیاسی و ئابوورییەوە.

لە ئێران بە شێوازێکی جیاواز لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ڕێز لە ڕۆژی ژن دەگیردرێ و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە سەر لایەنی ئایینی، لەبەر ئەوەی ڕۆژی ژن لە ئێران، ساڵڕۆژی لە‌دایک‌بوونی فاتیمە کچی پێغەمبەری ئیسلام و هاوسەری عەلییە، کە زیاتر ڕۆژی دایکی پێ دەڵێن.

دوو هۆکاری گرینگ لە پشت ئەم مەبەستە هەیە: یەکەم هۆکارەکە دینی و مەزهەبییە کە وڵاتی ئێران دەیەوێت ڕەنگ و بۆنی ئایینی بەم ڕوژە بدات و فاتیمە وەکوو سەمبولێک بۆ ژنانی وڵاتەکەی بناسێنێت بۆ ئەوەی زۆرتر لە خزمەتی مێرد و بنەماڵەکەیان‌دا بن.

دووهەم هۆکار ئەوەیە کە ژن بە ناوی دایک پێناسە بکرێ نەک مرۆڤێکی سەربەخۆ. لەبەر وەی ئایدۆلۆژیی حاکم لە ژن تەنیا بەشی منداڵ هێنان و گەورەکردنەوەی خێزانی لە لا گرینگە و تەرکیز لە سەر مافی ژن و حەقانیەتەکانی ژن ناکرێ. ژن لە ئێران وەکوو ئامێرێک بۆ بردنەسەرێی ژمارەی خێزانە و ئەم بابەتە خۆی دەبێتە بەربەستێک بۆ گەشەی سیاسی و فیکریی ژنان. 

هەڵبەت حکوومەتی ئێرانیش تا ڕادەیەک بە ئامانجی خۆی گەیشتووە لەبەر وەی ڕۆژی دایک نە تەنیا ڕەنگ و بۆنێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو دەرفەتێکیشە بۆ پیاوان کە بتوانن خۆشەویستیی خۆیان بەرامبەر ژنان دەرخەن.

سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێران، ئەسڵی بابەتی سیاسی بوونی ڕۆژی ژن و بواری مافی مرۆڤ بوونی ئەم ڕۆژە کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەم گرینگییەی پێ‌دراوە، سەرکوت دەکرێ؛ بەڵام بەو حاڵەشەوە هەن ژنانێک کە لەو فەزایەی ئێران‌دا لایەنی سیاسی و ئازادی‌خوازانەی ڕۆژی ژن لە بەرچاو دەگرن.

بەڵام تەنیا ئاستەنگی بەردەم بزووتنەوەی ژنان سەرکوتی حکوومەت نییە، لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:

حکوومەتی دینی بەربەستێکی بنەڕەتی لە ڕێگای بزووتنەوەی ژنان لە ئێران‌دایە. لەبەر وەی ڕیشەی زۆربەی ئەو نابەرابەری لە ڕەگەزی نێر و مێ لە بیروبۆچونی دینی و ئایینی‌دایە. ئایینی ئیسلام، بنەمای یاسایی و قانونیی لێکدانەوی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدایە و، بەو پێیە لە هەموو بوارەکان‌دا دەبێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا هەبێ، هەر بۆیەش هەندێک لە چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان، هۆکاری جیاوازیی نێوان ژن و پیاو، دەگەڕێننەوە سەر ئایینی ئیسلام.

نیزامی پیاوسالاری لە ئێران ڕیشەیەکی پتەوی هەیە کە بەربەستێکی دیکەیە لە سەر ڕێگای بزووتنەوەی ژنان. مەبەسەت لە نیزام لێرەدا سیستمێکی بەرفراوان لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی خەڵک‌دایە. ئەو سیستمە هەم لە بونیانی خێزان و هەم لە بواری گەورەتر وەکوو سیاسی و ئابووری بوونی هەیە.

لە بونیانی خێزان‌دا، ڕۆڵی ژنان، ڕۆڵێکی دەرجە دوو و سێیە کە لەبەر هۆکاری ڕەگەزی و گەورە کردنی خێزان وەک زۆر کردنی ژمارەی ئەندامانی بنەماڵە، گرینگیی پێ‌دەدرێت.

لە سیاسەتیش‌دا ژنان ڕۆڵێکی گرینگیان نییە، بۆ نموونە ژنان ناتوانن ببن بە سەرۆکی حکوومەت و زۆر بە کەمی پلە و پایەی سیاسی یان وەزیریان پێ دەبەخشرێ.

لە بواری ئابوورییشەوە هەمان شت، ژنان گەر لە بواری ئابوورییەوە پێویستیان بە پیاوان نەبێت و سەربەخۆ بژین، چیتر لە ژێر سوڵتە و قودرەتی نیزامی پیاوسالاری‌دا نابن.


کەواتە ڕوانگەی پیاوسالارانە فەرمانڕوایە و مەیدانی بۆ خەباتی ژنان و گەیشتن بە مافەکانیان تەنگەبەر کردووە. ھوکارێکی دیکەی سەر ڕێگای خەباتی ژنان، ژنانن. بەشێک لە ژنان کە نەخش و بزووتنەوەی پلە دووھەمی خۆیان قەبووڵ کردووە، وەها لەو نەخشەدا تواونەتەوە کە بێجگە لەوە ھیچی تر وە ئەستۆ ناگرن.

ژنانیش دەبێ یاسای بەرابەری لەگەڵ پیاوانیان ھەبێ بۆچوون ئەوەیە کە "ژنیان ژن کوتووە و پیاویان پیاو، ژن دەبێ ژنایەتیی خۆی بسەلمێنی و پیاویش پیاوەتیی خۆی." ئەو ژنانە خۆیان چەند دەسەن، ئەوانەی کە خۆیندەوارییان نییە و شارەزاییی نەریتی و ناڕاستیان لە پێگە و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا ھەیە. هەروەها گرووپێک لەبەر پێبەندی بە باوەڕی ئایینی بەرابەریی یاساییی ژن و پیاو قەبووڵ ناکەن. بێجگە لەمانە ژنانێکی تریش هەن ھەرچەندە کە خۆیندەواریی زانکۆیان ھەیە بەڵام بە ھۆی جێ نەکەوتنی ئەو شێوە داب‌و‌نەریتە بە دوای مافی یاساییی بەرابەری لەگەڵ پیاوان نین.

ئەگەر لە ئێران بزووتنەوەی ژنان بتوانن بە یارمەتیی ژنانی ئێران دەس بە خەبات بکەن بێ‌گومان زۆر سەرکەوتوو دەبن، بەڵام بەداخەوە خەباتکارانی مافی ژنان نەیان‌توانێوە لەو بوارەدا سەرکەوتوو بن. ڕەنگە بتوانین بڵێین لە ئێران ژنانی دژی یەکسانخوازیی ڕەگەزی زیاترن لە ژنانی ھاوڕای یەکسانخوازیی ڕەگەزی و ئەوە بەرگرێکی زۆر گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ژنان. بەم پێیە ڕێگای خەباتکاران لە ئێران زۆر دژوار، درێژ و ناڕێکە چون لە لایەک لەگەڵ حکوومەتی سیاسیی سەرکوتکەر و لە لایەکی کە لەگەڵ گۆمەڵگەی نەریتی و بەستراو ڕووبەڕوون و، لە ھەموو خراپ‌تر ئاگادار کردنەوەی ئەو ژنانەیە کە خۆیان لەگەڵ ژیانی دووپاتەبووی ڕۆژانە گیرۆدە کردووە و ھیچ نیگەرانییەکیان بە ناوی یاسای بەرابەری و لابردنی جیاوازیی ئافرەتان نییە.

پرسیار ئەمەیە، بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ژنانی ئێران بە تایبەت چالاکوانانی ئەو گۆڕەپانە چ ھەنگاوێک دەتوانن لەو ڕۆژەدا هەڵێننەوە؟

ھەر چەند لە ئێران 8ـی مارس، ڕۆژی جیھانیی ژن بە توندی لە لایەن حکوومەتەوە سەرکوت کراوە و بە کردەوە لە دوای ساڵی 1385 ھیچ شێوە کۆبوونەوە و ڕێ‌وەڕەسمێک بەڕێوە نەچووە، بەڵام چالاکوانانی مافی ژنان دەبێ باش بزانن کە ئەو ڕێگرییانە نابێ ببێ بە ھۆی کەم تیشک کردنی خەبات بۆ مافی بەرابەری، ھەروەھا ئەو خاڵە لە یاد نەکەین کە 8ـی مارس ڕۆژی جیھانیی ژنانە و لەو ڕۆژە لە سەراسەری جیھان‌دا، ژنان داخوازییەکانی خۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر دێننە بەر باس. بۆیە بۆ لابردن و نەهێشتنی هەڵاواردنەکان دەبێ لەو ڕۆژەدا ھەرچەند بەرتەسکیش بێ پێویستە بە شێوازی جۆراوجۆر ھاوار بکەن و دەنگ دەربڕن.

ئەمڕۆکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە جێگایەک بۆ خەبات لەگەڵ ھەر چەشنە جیاوازی و نادادپەروەری دژ بە گرووپی جۆراوجۆری کۆمەڵگە. بێ‌گومان ئەو شوێنە بۆ چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان لە ئێران دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێ بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیھانیی ژنان. بەرھەم‌ھێنانی پۆستەر بە نێوەرۆکی لابردنی جیاوازیی ڕەگەزی، بەڵێ بۆ یەکسانخوازی و ھەروەھا نەشیاو بوونی نیزامی پیاوسالاری دەتوانێ ھەنگاوێکی باش بێ. ناردنی پەیام بە ھەشتەگی ڕۆژی جیھانیی ژن و نا بۆ جیاوازیی ڕەگەزی دەتوانێ ڕێکارێکی تر بێت لە سیستمێکی سیاسیی سەرکوتکەر و بەستراو بۆ ھاودەنگ بوون لەگەڵ ژنانی سەرانسەری دنیا لەو ڕۆژەدا. بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی مەجازی بە بنەمای بەرگری لە مافی ژنان و خەبات لەگەڵ جیاوازیی ڕەگەزی ھەوڵێکی کە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیھانیی ژنانە، ئەڵبەت کۆماری سەرکوتگەر لەو بارودۆخەدا ھەروا دەس لەسەر دەست دانانێ و لە مانگێک پێش ئەو ڕۆژە ھەوڵ بۆ دروس کردنی کەشی ترس و خۆف دەکا تا پێشگیری لە ناڕەزایەتیی ژنان بکات، بەڵام ژنان و چالاکوانان دەبێ ھەنگاوێکی باش بۆ ڕوون‌کردنەوەی فێڵی سیاسی و کەم‌کردنەوەی گرینگیی ڕۆژی ژن دژ بە حکوومەت ئەنجام بدەن، چونکە ئەو خاڵە زۆر گرنگە کە ڕۆژی جیھانیی ژن نە ڕۆژی دایکە، نە ڕۆژی ئەوینداران و نە لەو دوولایەنە پێک ھاتووە.

ڕۆژی جیھانیی ژنان ڕۆژی بەربەرەکانی لەگەڵ جیاوازیی ڕەگەزییە، جیاوازییەک کە ژنانی ئێران دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران زۆریەک لە ماف و یاساکانی خۆیان لە دەست دا. ڕێگایەکی زۆر درێژیان لە پێشە ھەتاکوو لە مافەکانی خۆیان بەھرەمەند بن و ئێستاش زۆربەی ژنان لە نێو بنەماڵە و شوێنی کار و کۆمەڵگە لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە بەڕەو ڕوو دەبنەوە و توندوتیژیی خێزانی تا جیاوازیی ڕەگەزی ڕۆحی ژنان ئازار دەدات، بەڵام لە بیرمان نەچێت کە ڕۆژی 8ـی مارس ڕۆژی جیھانیی ژنان دەرفەتێکی بەنرخە تا چالاکوانانی ئەو گۆڕەپانە دەنگی خۆیان بە دنیا ڕابگەیەنن و دژ بە زوڵم و ناڕەواییی ستەمی ڕەچەڵەکی و ڕەگەزی ڕاپەڕن.  


https://t.me/yeketijnan/7261



 




6 comments:

  1. تا ئەم ریژیمە ئیسلامی و خوێنخۆرە لە دەزەڵاتی ئێراندا بن حاڵ و وەزعی ژن لە ئێران پتر خرا دەبی چارە لابردنی ئەم ئیسلامیانەیە

    ReplyDelete
  2. تا ئەم ریژیمە ئیسلامی و خوێنخۆرە لە دەزەڵاتی ئێراندا بن حاڵ و وەزعی ژن لە ئێران پتر خرا دەبی چارە لابردنی ئەم ئیسلامیانەیە

    ReplyDelete
  3. تا ئەم ریژیمە ئیسلامی و خوێنخۆرە لە دەزەڵاتی ئێراندا بن حاڵ و وەزعی ژن لە ئێران پتر خرا دەبی چارە لابردنی ئەم ئیسلامیانەیە

    ReplyDelete
  4. تا ئەم ریژیمە ئیسلامی و خوێنخۆرە لە دەزەڵاتی ئێراندا بن حاڵ و وەزعی ژن لە ئێران پتر خرا دەبی چارە لابردنی ئەم ئیسلامیانەیە

    ReplyDelete
  5. تا ئەم ریژیمە ئیسلامی و خوێنخۆرە لە دەزەڵاتی ئێراندا بن حاڵ و وەزعی ژن لە ئێران پتر خرا دەبی چارە لابردنی ئەم ئیسلامیانەیە

    ReplyDelete
  6. بەداخەوە کەوایە کۆماری پەت و سێدارە تەواوی ھێزی خۆێ داوتە سەر نەتەوەی ژن چۆن ژنان ئێستا زیاتڕ لە ھەموو دەورانێک ئاگاداری مافی خۆیان بوونەتەوە

    ReplyDelete